یەکەم پرۆسەی خەمی ئێمە دوای بونمان پەروەردەیە

یەکەم پرۆسەی خەمی ئێمە دوای بونمان پەروەردەیە
نوور نەقشبەندى 
 

تیشکێکی ئاسان لەسەر خاڵی پەروەردی منداڵ


سەرەتایەك بۆ تێگەیشتن لەبواری پەروەردە بەباشم زانی بەشێوەیەکی سادەو سانا پێناسەیەکی بۆبکەین تاخوێنەر بتوانێت بە ئاسانی وەریبگرێت،

بەوهیوایەم توانیبێتم خزمەتیك بگەیەنم و خاڵی بنچینەیم دیاریکردبێت.


ژیانی مرۆڤ پەیوەستە بە پەروەردەوە، پڕۆسەو خەمی یەكەمی ئێمە دوای (بوون)مان پەروەردەیە بابزانین مانای پەروەردە چیە ؟

ووشەی پەروەردە لە زمانی عەرەبیدا بەمانای (التربیە) دێت لە ڕووی زمانەوانیەوە وشەی (التربیە) لە سێ‌ بنەڕەتەوە داتاشراوە:

1- (ربا، یربو) بەواتای (نما، ینمو) دێت واتا گەشەدەكات، زیاد دەكات، گەورەدەبێت. 2- ربی، یربی، واتە (نشأ و ترعرع): پەرەی سەندو نەش و نمای كردو كەوتە شنەشن و پێی گرت 3- رب، یرب. واتا(أصلحە، تولی أمرە، ساسە) كە بەكوردی مانای چاكی كرد، كاروباری گرتە ئەستۆی خۆی، سیاساندی.


لە ڕووی لێكدانەوەی وشەكەشەوە وەكو ناوەڕۆكی چەمك و واتای مەبەستەكەی (الرب) لە ڕاستیدا مانای (پەروەردە)یەو بریتیە لە (گەیاندنی شتێك بە پلەی تەواوێتی ) لە( المعجم الفلسفی) یش دا وشەی (التربیە) واتا: (تبلیغ الشیئ الی كمالە).


هەروەها لەزمانی کوردیشدا وشەی (پەروەردە) یان (پەروەردەكردن) بەم مەبەستە هاتووە: (بەخێوكردن و ئاگاداری و ئاراستەكردن و پاراستن و ڕێنومایی كردن و فێركردن و ڕاهێنان و گونجاندنی كەسێك یان شتێك لەگەڵ ژینگەی جۆراوجۆرو پێكهاتە هەمە چەشنەكانیدا تا دوایین سنوری تەواوكاری- كەلە توانادایە). بێگومان هەریەكە لە (بەخێوكردن، فێركردن، ڕاهێنان و …. هتد) چەمك و بنەماو ڕێساو ڕەهەندی خۆی هەیە، هەریەكەشیان بازنەو سنوری پسپۆڕێتی خۆی هەیە، بەكۆی هەموویان ئەو چەمكە دێتە ئاراوە كە پێناسەی (پەروەردە)ی لێوە هەڵدەهێنجرێت و واتای مەبەستەكەی لێ‌ دادە تاشرێت.


دەروون:

نەفس یاخود بڵێین ( دەروون)ی مرۆڤ بریتی یە لە دوو جۆر غەریزە ئەویش غەریزەی (معنوی و ماددی).

غەریزەی یەکەم ( پاڵنەرەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە وەکو خواردن و خواردنەوەو ڕاکردن لە مەترسی و ...هتد)، ئەمەش لەیەکچونێکە لەنێوان مرۆڤ و گیانلەبەران لەم جۆرە غەریزەیە.

بەڵام دووەم جۆری غەریزە پاڵنەرێکە لە مرۆڤدا، بۆ (داواکرن و وەرگرتنی زانست و زانیاری، وە خێرو شەر، بەخشین و تەزحیەدان و ....هتد وە هەموو ئەوچالاکیانەی کەدەستی دەکەوێت ودەیان گەیەنێتە خۆشی لە دنیاو ئاخیرەتدا.


پەروەردەکردن چیە؟

پەروەردەی منداڵ لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە بەواتای غەریزەی مەعنەویی وگرنگی دان بە ڕێکخستنەوەی غەریزە ماددیەکان دێت، لەبەرئەوە یارمەتیدانی منداڵ بەهۆی چاودێرێکی باشەوە منداڵ دەیەگەیەنێتتە پەیوەندیەکی ڕاست لەگەڵ دەرونی خۆیدا، هەروەها منداڵ دوور دەبێت لە هەموو بیرکردنەوەوهەستێکی ناخۆش، لەهەمان کاتدا پاراستنیان لە توش بوون بە حاڵەتی حەسودی و عیناد و درۆ و...هتد، ئەنجامی ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاگرتنی هەست و نەستی منداڵ بەشێوەیەکی ڕێكو پێك.


جێی خۆیەتی باوکان و دایکان ووشیاری بدەن بەخۆیان چونکە کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە لەسەر کۆمەڵگا. بابزانین چۆن ؟

کاریگەری پەروەردە لەسەر کۆمەڵگا

لە مێژوودا دەبینین زۆرترین کەسایەتی لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بوون، لە سەرەتادا ئەم کەسایەتیانە پێویستیان بە پەروەردەیەکی ڕاست بووە لەسەرەتای تافی منداڵیدا، ئەم پەروەردەیەش کاریگەریەکەی لەسەر کەسایەتیەکە دەهێڵێتەوە بەوەی دەرونی خۆی بەباشترین شێوە پەروەردە کردوە، هەر ئەم خاڵی پەروەردەکردنە بوە هۆی دروست بوونی ئەو کەسایەتیە عەزیمانەی کە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دەیانخوێنینەوەو باسیان لێوەدەکەین.


لێرەدا نموونەی کەسایەتی و پاڵەوانی ئەم ئیسلامە دەهێنمەوە کە خوای گەورە وەسفی کردوە، بە کورتی باسی لێوە دەکەم:

سیدنا موسی (علیە السلام) لە قورئانی پیرۆزدا ڕەمزێکی ئاشکرایە بۆ بەگژداچونی فرعەون لە سەر زەوی.

سیدنا موسی( علیە السلام) لە منداڵیدا لەژێر چاودێری دایکیدا بوو، لەو ماوەیەدا بە باشترین پلە دەرونی کامڵی پەروەردە کرد، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت (وَأَوْحَيْنَا إِلَى أُمِّ مُوسَى ) [ القصص: 7 ]


واتە: ئێمه دایكی موسامان ئاگاداركرد.

لەلایەکی ترەوە کەسایەتییەکی کامڵی وەکو ئاسیا ژنی فرعەون کە دەست بەرداری ئەو هەموو نازو نیعمەتە بوو، لە کاتێکدا هەموو ئافرەتان خەونیان پێوە دەبینی، وازهێنانی بەرامبەربەو بیرو باوەڕەی کە لە دڵیدا چەسپی، ئەویش ئەو پەیامەبوو کە سیدنا موسا( علیە السلام )هێنا بووی.

دەبینین کە چۆن بەشێوەیەکی وەحشییانە فرعەون لەشی ئاسیای دەرخست لەسەر لوحەیەکی تەختە ، خوای گەورە دەفەرموێت : (وَضَرَبَ اللَّـهُ مَثَلًا لِّلَّذِينَ آمَنُوا امْرَأَتَ فِرْعَوْنَ إِذْ قَالَتْ رَبِّ ابْنِ لِي عِندَكَ بَيْتًا فِي الْجَنَّةِ وَنَجِّنِي مِن فِرْعَوْنَ وَعَمَلِهِ وَنَجِّنِي مِنَ الْقَوْمِ الظَّالِمِينَ). التحريم : 11 .

واتە: هه‌روه‌ها خوا نموونه‌ی هێناوه‌ته‌وه به هاوسه‌ره‌که‌ی فیرعه‌ون بۆ ئه‌وانه‌ی که باوه‌ڕیان هێناوه‌، کاتێك وتی: په‌روه‌ردگارا له‌لای خۆت له به‌هه‌شتدا ماڵێکم بۆ دروست بکه (تا به‌رده‌وام به‌دیدارت شاد ببم) و له ده‌ست فیرعه‌ون و کاروکرده‌وه‌ی ڕزگارم و له‌ده‌ست ئه‌م قه‌ومه سته‌مکاره‌ش ده‌ربازم بکه‌.

هەروەها خوای گەورە نموونەی هێناوەتەوە لە پیاوان و ژنان کە دەفەرموێت (وَضَرَبَ اللَّـهُ مَثَلًا لِّلَّذِينَ آمَنُوا امْرَأَتَ فِرْعَوْنَ).

وە بە پێچەوانەشەوە دەبینین فسادێکی زۆر لەسەر زەویدا هەیە دەرئەنجامی ئەوەیە کە لە کاتی منداڵیدا بە ڕێگەیەکی چەوت و جاهیلی گوزەری کردوە،هەر بۆیە ئەم جۆرە کەسایەتیانە بەئاسانی هەڵسەنگاندنی بۆ کراوەو فڕێدراوەتە ناو زبڵدانی مێژووەوە، ئەگەرتێبینی بکەین منداڵی تاوانکارو ژنانی ستەمکارو پیاوانی قاسی و ووشك...هتد هۆکارەکەی خراپی پەیوەندی و مامەڵەکردن بوە لەگەڵیاندا.


علی کوری ابی طالب ( ڕەزای خوای لێبێت ) لە ووتەیەکیدا دەفەرموێت: (قلب الحدث كالأرض الخالية ما ألقي فيها من شيء قبلته).

واتە: دڵی ووتە وەکو زەوییەکی خاڵیە، هەرشتێکی پێبکات وەری دەگرێت هیچ شتێك نەچوەتە ناوی پێشتر.

عن الإمام الصادق عليه السلام قال: "بادروا أحداثكم بالحديث قبل أن تسبقكم إليهم المرجئة).

 


واتە: دەست پێشخەری ووتەکانتان بکەن بە فەرمودە پێش ئەوەی مرجئە پیشتان بکەوێت.

لە فەرمودەی یەکەمدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە منداڵ وەکو زەوییەکی خاڵی وایە، چی لێ بچێنی لە چاکە وخراپە ئەوە دێتە بەرهەم.

بەڵام مەبەست لە فەرمودەی دووەم ئەوەیە واتا په‌له‌ بكه‌ن له‌ بڵاو كردنه‌وه‌ی فكره‌ی چاك له‌ ده‌رووندا، پێش ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا ‌پێشمان بكه‌وێت‌ له‌ چاندنی فكره‌و تێگه‌یشتنی خراپ.

بۆ زیاترتێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی ئەو ئاماژانەی کە لەسەرەوەدا هاتبوو، دەبێ بگەڕێینەوە سەر خاڵی سەرەتایی پەروەردەکردن، ئەویش ئەوەیە هەموو پێکەوە بتوانین منداڵەکانمان لەسەر ڕێبازێکی ئیسلامی پەروەردە بکەین، دەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەم ئایەتە قورئانیە کەخوای گەورە ئەفەرموێت: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنْفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَاراً} (سورة التحريم) آیة/٦.

واتە : ئه‌ی ئه‌و کاسانه‌ی که باوه‌ڕتان هێناوه خۆتان و که‌سوکارتان بپارێزن له ئاگرێك.

باوك، دایك، مامۆستا، کۆمەڵگا، هەریەکە لەمانە گرێدراون پێکەوە، باشترین بەرپرسن بەرامبەر بەم جیلە و راوەستانیان بەرامبەر خودا! ، ئەمەش باشترین (تەربیەت) پەروەردەکارن و کە یارمەتیدەرن لە دنیا و ئاخیرەتدا، لەبەر ئەوە نابێ پەروەردەکردنی مناڵان پشتگوێبخرێن، ئەرکی سەرشانمانە لە قوڵای ناخمانەوە بتوانین پەروەردەیەکی ڕاست و دروستی منداڵەکانمان بکەین، هەروەکو لە فەرمودەیەکدا پیغەمبەری خوا ( علیە الصلاة والسلام ) دەفەرموێت: (كلكم راع، وكلكم مسئول عن رعيته ) متفق عليه.

واتە : ئێوە هەمووتان چاودێرن، هەموشتان لێپرسراون بەرامبەر ئەوانەی کە لە ژێردەستاندان.

لە فەرمودەیەکدا پێغەمبەری خودا( علیە الصلاة والسلام) مژدە دەدات بە مامۆستایان و دەفەرموێت :( فوا لله لأن يهدي الله بك رجلاً واحداً خير لك من حمر النعم ) رواه البخاري ومسلم.

واتە: ئەگەر خوای گەورە بەهۆی تۆوە هیدایەتی پیاویك بدات، ئەوا لە ڕانە ووشترێ چاکترە بۆت.

لە فەرمودەیەکی تردا پێغەمبەری خودا مژدە دەدات بە باوکان و دایکان دەفەرموێت: (إذا مات الإنسان انقطع عمله إلا من ثلاث: صدقه جارية، أو علم ينتفع به، أو ولد صالح يدعو له) رواه مسلم.

واتە:کاتێك کە مرۆڤ ژیانی کۆتای پێهات کارو کردەوەکانی کۆتایی دێت، تەنها سێ شت نەبێ : خێرێکی نەبڕاوە، زانستێك خەڵکی سودی لێ ببینێت، ڕۆڵەیەکی صالحی هەبێت و بپارێتەوە بۆی.

دەبێ پێش هەمووشتێك بەخێوکەر مەبەست لە باوکان و دایکانە، نەفسی خۆیان چاك و پاكبکەنەوە و خراپە لابدەن، لەبەرئەوەی منداڵ حەز بەلاسایی کردنەوە دەکات وخوو نەریت و ڕەوشتی ئەوان وەردەگرێت، چونکە باشترین پێشەنگ بۆ پەروەردەی منداڵ باوك و دایك و مامۆستایە.

بەخێوکەری کارای منداڵ پێویستە هەستێت بەئەنجام دانی ئەرکەکانیان بەرامبەر بە منداڵ هەروەکو لە خوارەوە بەکورتی بە چەند خاڵێکی سادەو ئاسان دەست نیشانی دەکەم :

فێرکردنی منداڵ هەر لە سەرەتایی ( نطق)ییەوە واتە کاتێك منداڵ دەکەوێتە قسەکردن و کەوتنە زمان بە ووشەی ( لا الە الا اللە محمد رسول اللە ) فێر بکرێن، وە تێگەیشتن لە ماناکەی لەکاتی گەورەبونیدا ئاسان دەبێ.

چاندنی خۆشەویستی خواو باوەڕهێنان لەدڵی منداڵدا، کەخوا دروستکارو رۆزیدەرو داڵدەدارو پەنادەرە، هەروەها تەنهایە و هیچ کەس و هاوەڵی نیە.

هاندانی منداڵ بۆ بەهەشت، بانگکردنیان بۆ نوێژو ڕۆژو، گوێ ڕایەڵی کردنی باوك ودایك ، ئەنجامدانی کاری چاکە بۆ ڕازیکردنی خودا، وە ئاگادارکردنەوەیان لە ئاگری جەهەنەم، بەهۆی وازهێنان لە نوێژ، توڕەبونی خودا، وە ئاماژەکردن بە غەیری شەرعی خودا،خواردنی ماڵی خەڵك بەساختە، درۆ و ڕیباو...هتد.

فێرکردنی منداڵ سەبارەت بە پرسیارکردن لەخودا، داواکردنی یارمەتی تەنها لە خودا لەم فەرمودەیەدا لە کوڕی مامیەوە پیغەمبەری خوا ( علیە الصلاة والسلام ) دەفەرموێت: ( إذا سألت فأسأل الله، وإذا استعنت فاستعن بالله ) رواه الترمذي وقال حسن صحيح.

واتە: ئەگەر داوات کردو پاڕایتەوە تەنها لەخودا داوابکە، کاتێك یارمەتی وپشتگیریت کرد تەنها داوای یارمەتی و پشتگیری لەو بکە.

 

فێربونی نوێژ

پێویستە کوڕو کچ فێری نوێژ بکرێن لە منداڵیەوە تا ئیلتزاماتیان دەبێ لە گەورەبوونیاندا، لە فەرمودەیەکی صحیح دا پێغەمبەری خوا ( علیە الصلاة والسلام ) دەفەرموێت: (علموا أولادكم الصلاة إذا بلغوا سبعا، واضربوهم عليها إذا بلغوا عشرا، وفرقوا يينهم في المضاجع) صحيح رواه أحمد.

واتە:منداڵەکانتان فێری نوێژ بکەن لە تەمەنی ٧ ساڵیدا، لەتەمەنی ١٠ ساڵیدا لەسەری نوێژ لێبدرێن، لەسەر جێگەش لەیەکیان جیابکەنەوە.

فێرکردنی دەست نوێژ و نوێژ پێکەوە لەگەڵ باوک و دایکدا ئەنجام بدرێت، دەست گرتنیان و ڕۆیشتن بۆ مزگەوت، هاندانیان بۆ ناساندنی کتێبی ئیسلامی و نیشاندانی ئەو کتێبانەی کە باس لە چۆنیەتی نوێژکردن و ئەحکامەکانی نوێژ و خێزان دەکەن بەگشتی، ئەمەش داواکارێکە لەلایەن مامۆستایان و باوکان و دایکانەوە بۆ منداڵان، هەروەها کورتکردنەوەی هەموو ئەو پرسیارانەی سەبارەت بە خودا. ناساندنی چیرۆکەکانی قورئان ( قصص الانبیاء) بۆ زیاتر کاریگەری منداڵان بە ژیانی پێغەمبەران و هاوەڵە بەڕێزەکانی پیغەمبەری خوا ( علیە الصلاة والسلام ) و چیرۆکی پیاو چاکان، تا منداڵان هەست بە تام و چێژی ئیسلامەتی زیاتر بکەن و پابەندی کردەوە قورئانیەکان بن، پێویستە منداڵ ئاشنای ئەم پەرتوکانە ببن و فێری خوێندنەوەی ببن، ئەمانەش هەموو دەبنە هۆی زیاد بونی معریفەو جێگربوونی باوەڕ لە دڵدا.

زانیاری دان بەمنداڵ بەوەی کە کتێبی قورئانی پیرۆز لەلایەن خوای گەورەوە بۆمان هاتووە، فێرکردنیان بە خوێندنەوەی قورئان و دەست پێکردن بە سورەتی ( الفاتحة ) و سورەتە کورتەکان، هەروەها لەبەرکردنی ( التحیات للە ...) لەبەر پێویستی نوێژ، دابین کردنی مامۆستایەك بۆ فێرکردنی تجوید و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز و فەرمودەکان.

هاندانی منداڵ بۆ نوێژی هەینی و نوێژی کۆمەڵ( جماعة ) لەمزگەوت لەگەڵ پیاواندا، ئامۆژگاری کردنیان، راست کردنەوەی هەڵەکانیان ، بێزارنەکردنی خەڵکی، وازنەهێنان لە نوێژ لەدوای گوناه کردن، بیرهێنانەوەیان کەلەکاتی منداڵیدا ئێمەش یاریمان کردوەو هەڵەمان کردوەو لێمان خۆش بوون.

منداڵ پێویستی بەوە هەیە کاتێك کارێکی باشی ئەنجام دا دەست خۆشی و ئافەرین بکرێت لەلایەن باوك و دایکەوە، چونکە ئەمە دەبێتە پاڵنەرێك بۆ منداڵەکەو بەردەوام بوون لە پەیرەوکردنی چاکە، ئەمەش خاڵی بنەڕەتی پەروەردەکردنە کە پەیوەستە بە فەرمانی نوێژکردنەوە.

لە سەرئەنجامی پەروەردەدا دەگەینە ئەم فەرمودەیە (يقول أمير المؤمنين عليه السلام: (خير ما ورّث الآباء الأبناء الأدب).

واتە: باشترین سەروەت و سامان بۆ باوك و دایك منداڵی خوڕەوشت بەرزە.

تێبینی/ لەڕاستیدا ئەم بابەتە زۆر زیاتر هەڵدەگرێت ،کەسانی زۆر شارەزا بە دورودرێژی باسیان لەم بوارە کردوە بۆ زیاتر بەرچاو رونیتان دەتوانن بچنە خزمەتیان تا زیاتر رۆشنفکربن، بەندەش حەتمەن سودم لەسەرچاوەی ئەو بەڕێزانە وەرگرتوە بە شێوەیەکی زۆر کورتکراوە خستومەتە خزمەت خوێنەری بەرێز .



ئه‌م بابه‌ته 331 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:01:08:10/02/2018