هۆكارە شاراوەكانی چاو ئێشە

 هۆكارە شاراوەكانی چاو ئێشە
 
  مەحموود
 

زۆرێك لە ئێمە رۆژانە یان ناوەناوە هەست بەئازاری چاوەكان دەكەین، رەنگە هۆكارەكەی شتێكی باو بێت و زۆركەس بگرێتەوە، بەڵام كاردانەكان جیاواز دەبن، هەندێكمان بەهەندی وەردەگرین و دەچین بلای پزیشك، بەڵام كەسانێك هەن پشتگوێی دەخەن و رەنگە دووچاری چارەنووسێكی ترسناك ببنەوە.
بەگشتی چاوئێشە دوو جۆری هەیە، یەكەمیان ئازارێك بەهۆی نەخۆشی خودی چاو و دووەمیان ئازارێك لەبەر هۆكارێكی دەرەكی، بەڵام لێرەدا باسی بەشێك لەو نەخۆشیانە دەكەین كە ئازاری چاو دروست دەكەن:
-روشانی كۆرنییە، واتە داخورانی چینی دەرەوە و روون كە رووی چاو دادەپۆشێت بەهۆی هەوكردن یا زەبرێكی دەرەكییەوە، وەیا برینی كۆرنییە كە بەهۆی میكرۆبەوە دروست دەبێت، هەروەها هۆكاری تری وەك برینداری وشكهەڵگەڕانی چاو و هەستەوەری و بەكارهێنانی هاوێنەی چاو و هەوكردنی جیاجیاوە.
-گلوكۆما، ئەو نەخۆشییە بەهۆی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی شلەی چاو لەناو گۆی چاوەوە پەیدا دەبێت و ئازار دروست دەكات و ئەگەر چارەسەری بۆ نەكرێت ئەوە دەبێتە هۆی كوێری.
-هەوكردنی قوزەحییە، واتە هەوكردنی بەشی رەنگاوڕەنگ لە چاو، واتە ئەو بەشەی كۆنترۆلی چوونەژوورەوەی بڕی ئەو رووناكییەی دەچێتە ناو چاو، ئازار دروست دەكات، لەپاڵ هەستەوەری زۆر بۆ رۆناكی و سوورهەڵگەڕانی چاو و ناڕوونی بینین و دەركەوتنی پەڵەی سپی لە چاودا.
-هەوكردنی ئێسكی چاو، رەنگە ئەو ئێسكەی كەلای چاو لەخۆی دەگرێت دووچاری هەوكردن بێتەوە كە زۆر جار بەهۆی هەوكردنی "جیووبی ئەنفییەوە" بۆی دەگوازرێتەوە و لە نیشانەكانی ئێش و ئازار لە چاوەكان و سوورهەڵگەڕان و بەئەستەم سووڕانی چاو و چاوكردنەوە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و شێوانی بینین.
-هەوكردنی دەماری بینین، لە كاتی جوڵاندنی چاو ئازار دروست دەكات و هۆیەكی باویشە بۆ لەدەستدانی توانای بینین و هۆكارەكەی یان میكرۆبییە وەیا هەوكردنی دەمارەكانی مێشك وەیا خواردنی دەرمان وەیا چارەسەری لە تیشك.
ژانی نیوەی سەر، یەكێكە لە هۆكارە باوەكانی چاوئێشە كە رەنگە بەر لە هاتنی چەند نیشانەیەكی بەسەر دەركەوێت لەوانە درەوشانەوەی رووناكی و مێروولەكردنی باسك و پێ و هێڵنهاتنەوە و هەستیاری بۆ رووناكی و دەنگ و گرژبوونی گەدەیی و زەردهەڵگەڕانی دەموچاو.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 



ئه‌م بابه‌ته 5071 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:32:08/10/2017