هەرێمی كوردستان كارتی بەھێزی لەدەست ماوە،دەتواندرێت گورزی گورچكبڕ لە بەغدا بدات

هەرێمی كوردستان كارتی بەھێزی لەدەست ماوە،دەتواندرێت گورزی گورچكبڕ لە بەغدا بدات

 

ن: دکتۆر عوسمان عەلى 

دوای ئەوەی حكومەتی عێراق موچەو بودجەی كوردستانی بڕی و دژایەتی نوێنەرانی كوردستانی كرد لەنێو حكومەت و دواجار لە رێگای سوپاوە هێڕشی كردە سەركوردستان, ئەندامێكی سەربەخۆی كورد لە پەرلەمانی عێراق داوا دەكات، نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بكشێنەوە و ڕای دەگەیەنێت كە ”بەغدا نایەوێت گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات".
عادل نووری، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "بەغدا بەھیچ شێوەیەك ڕاست ناكات لەگەڵ كوردستان، بەڵكوو دەیەوێت كوردستان سەری بۆ شۆڕ بكات، بۆیە ئەگەر ئێمە سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژی و پێشێلكاری و لووت بەرزییەی بەغدا دانەنێین، كورد زیانێكی گەورەتر دەكات".

ئەوەشی ڕوون كردەوە كە هەرێمی كوردستان ”كارتی بەھێزی لەدەست ماوە" و گوتی: ”نازانم بۆ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەست بۆ ئەو كارتانە نابات؟ دەتوانین گورزی گورچكبڕ لە بەغدا بدەین، بەتایبەت بەشداریمان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، بۆیە دەبێ ئێستا سەرۆك كۆمار و پەرلەمانتار و وەزیرەكان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ كوردستان بكشێنەوە و جارێكی دیكە چاوخشانەوە بكرێ".

ئەوەشی نەشاردەوە كە ”بەھۆی كۆمەڵێك خیانەتەوە، شكۆی كورد شكاوە، ئێمە لەو جەنگە دەبێت بۆ كوردستان بگەڕێینەوە و دووبارە خۆمان ڕێك بخەینەوە، ئەو كاتە بزانین وڵاتانی جیھان چی دەڵێن، بۆیە داواكارین ئەگەر بۆ 10 ڕۆژیش بێت< فوئاد مەسعوم لە بەغدا بكشێتەوە”.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر ئێمە بكشێینەوە، پرۆسەی سیاسی لە عێراق تێك دەچێت، چونكە عێراق لەسەر بنەمای تەوافووق دروست بووە، ناكرێت شیعە سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری هەبێت، ئەگەر سەرۆك كۆمار بكشێتەوە، جێگری یەكەمی سەرۆك كۆمار كە نووری مالیكییە، دەسەڵاتەكان دەگرێتە دەست، ئەگەر مالیكی دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەو كاتە عەبادی و سەدر ڕازی نابن، چونكە ”دوژمنی سەرسەختی مالكی، سەدرە و سەدریش بەملیۆنان كەس دەھێنێتە سەر شەقام".
دووپاتیشی كردەوە كە بەغدا دەیەوێ سەروەریی خەڵكی كوردستان پێشێل بكات و داوادەكەین ئەو پشكانەی لەبەغدا ماومانە، بیان كشێنینەوە، چونكە لەبەغدا بێڕێزین و بێھێزین، بۆچی دەبێت ئەوەندە زەلیل بین لەبەرانبەر بەغدا؟".


ئه‌م بابه‌ته 657 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:01:24/11/2017