کێ خاوەنی کەیسی ئەنفالە؟
چوار ساڵ پێش ئێستا پێشنیارم کرد بۆ ئەندامانی پەرلەمانی کورد لە بەغداد و پەرلەمانتارانی لەمەڕ خۆمان لە ھەولێر.
کە تکایە ھەر پەرلەمانتارێک یەک جار و تەنھا ١ ملیۆن دینار کۆ بکەنەوە کە دەکاتە نزیکەی ١٧٠ ملیۆن دینار و ، سەرۆکایەتی حکومەت ، یان بە شەخصی کاک نێچیر و کاک قوباد و د. بەرھەم ، یان وەزارەتەکانی رۆشنبیری و شەھیدان ، ھاوکار بن بۆ دروستکردنی فیلمێکی سینەمایی لەسەر تاوانی (ئەنفال) .
بەڵام وەک ھەمیشە ھەمووان بەدوای قازانجەوەن!
کەس خۆی نەکرد بە خاوەنی و زۆرێکیش پێشبیارەکەیان بینی!.
ئاخر شەرمە کورد ٢٩ ساڵی ڕێکە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی لە رووی چەندێتی و چۆنیەتییەوە بەرامبەر کراوە لە جیھاندا ، کەچی خاوەندارێتی ناکرێت بۆ ناوخۆ و ھەمیش بۆ دروستکردنی کیان و دەوڵەت!
ئەمە جگە لەوەی ١/٣ کورد نازانێت ئەنفال چییە؟!
چونکە کورد بە ٢٩ ساڵ نەیتوانی فیلمێک دەرھەق بەم تاوانە دروستبکات و جیھانی لێ وەئاگا بھێنێت!
خۆ ھۆڵۆکۆستی جوکەکەش ھەر ھێندەی ئەنفال گەورەبوو، کەچی من تا ئێستا ٥ فیلمی سینەماییم لەسەر ئەو جینۆسایدە بینیوە.
the pianist
The Boy in the Striped Pyjamas
the schindler's list
anne frank
the last train auschwitz
سەرجەمی ئەم فیلمانەی کە من بینیومن ، خاوەنی خەڵاتی ئۆسکار و دەیان خەڵاتی ترن .
ئەمە جگە لەوەی من چەندەھای ترم نەدیوە، باسی سەدان رۆمان و یاداشتنامە ناکەین !
باشە ئەی ئەو کەمپانەی ئەنفالکراوانی تیا کۆکراوەتەوە ئێستا وێرانە و بێخاوەنن!
کێشەکە لەوەدایە ئەنفال خاوەنی نییە ، وشەی ئەنفال بەس بۆ ناو شیعر و تابلۆی رێکخراو جوانە!
تکایە کێ پەرلەمانتاری بەوێژدان ئەناسێت ، کێ لە مەسئولی دەوڵەمەندەوە نزیکە ئەم پێشنیارەی پێ بڵێت، تا عوزێر و فەرەج و واحێد و رەمەزان ماون ، تا تۆپزاوا و دبس و تکریت و نوگرەسەلمان ماون ، با کورد خاوەنی فیلمێک بێت ئەنفال بە دنیا بناسێنێت.
ئەم کارە بە کەسوکاری ئەنفالکراو ناکرێت ، کە خۆیان خاوەنی راستەقینەی ئازارەکانی ئەنفالن.
ھەوڵی ئەوانەش لەبیر ناکرێن بە دروستکردنی فیلم و دۆکۆمێنتاری و کتێب و نوسراو ھەوڵیان بۆ ناساندنی تاوانی ئەنفال داوە.
قسەمان زۆرە بەس دڵسۆز نییە کرداری گوێبگرێت.