تاوانی تر و قسه‌ی تر
مەریوان وریا قانع
مرۆڤ له‌و ولاته‌ی ئێمه‌دا نازانێت له‌سه‌ر چی و كێ و كام مه‌سه‌له بێته ده‌نگ، ره‌خنه له‌چی بگرێت و به‌رگریی له كام قوربانیی له قوربانییه زۆره‌كانی ئه‌و حوكمڕانییه چه‌ته‌گه‌رییه بكات. مرۆڤ نازانێت له سه‌ر كام مه‌سه‌له بێته‌ده‌نگ، ئایا له سه‌ر ده‌ستگرتنی داگیركه‌ران و هێنانی سوپاكان‌یان بۆ ناو كوردستان بێته‌ده‌نگ، یاخود له‌سه‌ر درۆی گه‌وره‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت و پیلان دانان له ژێر سێبه‌ری ئه‌م درۆیه‌دا دژ به به كوردانی پارجه‌كانی تری كوردستان. ئایا له‌سه‌ر كوشتنی به‌رده‌وامی ژنان بێته‌ده‌نگ یان له سه‌ر دزین و به‌تاڵانبردنی كه‌م وێنه‌ی پاره‌ی نه‌وت له مێژووی نه‌وتفرۆشیی له جیهاندا. داخۆ قسه له‌سه‌ر گه‌مه‌كه‌ردن به بژێوی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا بكات، یان له‌سه‌ر ئه‌تككردنی ئازادییه‌كان و به‌گه‌ڕخستنی ماشێنێكی ئیعلامی پڕ درۆ بۆ شێواندنی به ئه‌نقه‌ستی زه‌وق و هۆشیاریی هاوڵاتیان. له‌سه‌ر سوكایه‌تیكردنی به‌رده‌وام به مرۆڤ له‌م ولاته‌دا بنووسێت، یان له‌سه‌ر په‌كخستنی ده‌زگا شه‌رعیه‌كان و ڕشانه‌وه به‌سه‌ر سه‌رجه‌می پرنسیپه ئینسانییه‌كاندا. له‌سه‌ر په‌لاماردانی ده‌نگه ناڕازییه‌كان هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ده‌توانن و ده‌وێرن شتێك بڵێن و بنووسن دژ به زه‌وق و ئه‌خلاق و چاوه‌ڕوانیه‌كانی نوخبه نه‌وتییه بازرگانه حوكمڕانه‌كه‌ی وڵات، یان له‌سه‌ر په‌لاماردانی كه‌مینه دینییه‌كان و به‌جێهێشتنیان له ساته ستراتیژییه‌كاندا تا راده‌ی جینۆسایدكردنیان.
له سایه‌ی ئه‌م حوكمڕانییه‌وه، كه هاوشێوه‌ی حوكمڕانیی جه‌لاد و گه‌مژه گه‌وره‌كانی ناو مێژووه، هه‌ر رۆژه و ده‌ركه‌وتێك له ده‌ركه‌وته‌كانی مرۆڤبوون له‌و وڵاته‌دا ئه‌تك ده‌كرێت. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له زۆنه زه‌رده‌كه‌ی پارتیدا سه‌ر و برۆی پێشمه‌رگه‌یه‌كیان تاشیی و فڕێیاندایه ئه‌ودیدی هێله بۆگه‌نه‌كه‌ی دێگه‌ڵه‌وه، ئه‌م هه‌فته‌یه قوربانییه‌كی ناو زیندانه‌كانی پاراستن له دوای ٢١ ساڵ گێنگڵ و بێده‌نگیی هاته‌قسه و حیكایه‌تی لاقه‌كردنی خۆی وه‌ك مدناڵێكی ١٥ ساڵان له زیندانه‌كانی پارتیدا له‌لایه‌ن پاڵه‌وانه‌كانی پاراستنه‌وه، گێڕایه‌وه. ئه‌مرۆش له سلێمانی ته‌قه له ماڵی ڕۆژنامه‌نووس هێمن كه‌ریم ده‌كرێت و ده‌یان فیشه‌ك به ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كاندا بۆ ناو مه‌ڵه‌كه‌ی ده‌نێردرێت. هه‌موومان ده‌زانین تاوان به‌شێكه له مێژووی سیاسییی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئه‌خلاقیی زۆرێك له كۆمه‌ڵگاكانی دونیا، به‌ڵام كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو تاوانانه له‌ناو سنووری ته‌نها سێ شاردا و له‌ناو ده‌ستی نوخبه‌یه‌كی بچوكی وه‌ك حوكمرانانی كوردستاندا، له مێژوودا كه‌م وێنه‌یه. له‌هه‌موو دونیادا شێوازێك له حوكمڕانی بوونی نییه وه‌ك ئه‌مه‌ی كوردستان دز و جه‌رده و گه‌نده‌ڵ و دڕنده و گه‌مژه و نابه‌رپرسیار به‌ڕێویببه‌ن. ئه‌وه‌ی له ئێستادا بۆ كه‌سانێكی وه‌ك ئێمه ماوه‌ته‌وه ته‌نها بێده‌نگنه‌بوون و قسه‌كردنه. وه‌كچۆن حوكمڕانان تاوانه‌كانیان بۆ جاری هه‌زاره‌هه‌م دوباره‌ده‌كه‌نه‌وه، ئاوا ئێمه‌ش قسه‌كانمان و ره‌خنه‌كانمانیان بۆ جاری هه‌زاره‌م رووبه‌رووده‌كه‌ینه‌وه. بێده‌نگبوون ئیشی مردوه‌كانه، ئه‌وه‌ی زمان و ده‌نگ و توانای قسه‌كردنی هه‌یه پێویسته قسه‌بكات.
http://www.awene.com/2017/03/11/40319/
هێمن كەریم: تەقەكردن و هەڕەشە لەكارەكەم پەشیمانم ناكاتەوە
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=1327076844045450&set=a.307975695955575.73695.100002294405148&type=3&theater
ئه‌م بابه‌ته 609
جار خوێنراوه‌ته‌وه
PM:10:40:11/03/2017