زانیاری گشتی لەسەر جگەر و نەخۆشیەکە

:هەموو شتێک لەسەر چەوری جگەر:::


زانیاری گشتی لەسەر جگەر و نەخۆشیەکە:::

چەوری جگەر (Fatty liver) دەستەواژەیەکە ئاماژەیە بۆ کۆبوونەوەی چەوری لە جگەردا. بوونی چەوری لە جگەر دا ئاساییە، بەڵام ئەگەر ئەم چەوریە لە مرۆڤ دا زیاتر لە ۵-۱۰ لەسەدی کێشی جگەر پێکبهێنێت، ئەوە ئەو کەسە دووچاری نەخۆشی چەوری جگەر بووە. چەوری جگەر قابیلی چارسەرە بەڵام لەوانەیە هەندێک کات کاریگەری مەترسیداری هەبێت. چەوری جگەر هیچ نیشانەیەکی هەمیشەیی نیە و نابێتە هۆی زیانی گەورە و بێ چارەسەر.

کاری جگەر بەدواداچونە بۆ هەر ماددەیەکی ترسناک لەو خواردن و خواردنەوانەی کە دەیخۆین و پاشان تەسفیە کردنیانە. ئەگەر ڕێژەی چەوری لە جگەر دا زیاتر بێت، ئەم سیستەمە دووچاری کێشە دەبێتەوە. هەندێک جار چەوری جگەر دەبێتە هۆی هەوکردن و برینداربوونی (جگەر هۆکار). لە خراپترین حاڵەتیش دا کەسەکە توشی نەقس دەبێت لە جگەری دا.

چەوری جگەر نەخۆشیەکی ئاساییە و ۱۰-۲۰ لەسەدی دانیشتوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توشی بوون. زۆربەی کات چەوری جگەر لە تەمەنی ۵۰ بۆ ٦۰ ساڵیدا دەستنیشان دەکرێت. کاتێک چەوری جگەر بەهۆی کێشەی دیکەوە دروست دەبێت، ترسناکە و دەبێت لەکاتی خۆی دا دەرمانی بۆ بەکار بهێنرێت.

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

جۆرەکانی چەوری جگەر:

۱- چەوری جگەری نا کهولی: ئەم نەخۆشیە ڕوودەدات ئەوکاتەی جگەر ناتوانێت چەوریەکان تێکبشکێنێت و چەوری کۆدەبێتەوە لە جگەر دا، ئەم نەخۆشیە هیچ پەیوەندیەکی بە کهولەوە نیە و کاتێک دەستنیشان دەکرێت کە چەوری زیاد لە ۱۰ لەسەدی پێکهاتەی جگەری پێکهێنابێت. ئەم جۆرەش لای خۆیەوە بۆ چەند جۆرێکی دیکە دابەش دەبێت و لە خراپترین حاڵەتیش دا دەبێتە هۆی سیرۆزی جگەر (واتە هەوکردنی بەهێزی جگەر) و برین و پاشان جگەرێکی نوقسان.

۲- چەوری جگەری کهولی: ئەمەش لەو نەخۆشیانەیە کە هۆکارەکەی کهولە. جگەر بەهۆی خواردنەوەی زۆری کهولەوە زیانی بەردەکەوێت و ناتوانێت چەوریەکان تێکبشکێنێت. لەم بارەدا ئەگەر نەخۆشەکە واز لە خواردنەوەی کهول بهێنێت، وردە وردە نەخۆشیەکەی چارەسەر دەبێت. بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت لە خواردنەوەی کهول ئەوە تووشی سیرۆزی جگەر دەبێت.

۳- چەوری جگەر-ی کاتی سکپڕی: هەرچەند ئەم جۆرە زۆر دەگمەنە، لەگەڵ ئەوەش کۆبوونەوەی چەوری لەکاتی سکپڕی دا دەتوانێت مەترسی جددی هەبێت، هەم بۆ دایکەکە و هەم بۆ کۆرپەلەکەش.
ئەم نەخۆشیە دەتوانێت ببێتە هۆی نوقسانی جگەر و نوقسانی گورچیلە و التهاب و خوێنبەربوون. هەرچەندە هۆکاری ئەم نەخۆشیە بەتەواوی دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لێکۆڵەران بڕوایان وایە هۆکارەکەی پەیوەندی بە سوڕی هۆرمۆنەکانەوە هەیە لەم قۆناغەدا.
نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە لە سێ مانگی کۆتایی دا دەردەکەون، کە بریتین لە هێڵنجدان و ڕشانەوە و تێکچونی گەدە، و ئازار لە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک، و هەروەها زەردهەڵگەڕان و ماندوویی بەگشتی دەردەکەوێت. پێویستە ژنان پشکنینی تایبەت بە ئەم نەخۆشیە بکەن و زۆربەیان دوای منداڵبوون بەرەو باشبوونەوە دەچن.

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

نیشانەکانی چەوری جگەر:::

چەوری جگەر بە گشتی نەخۆشیەکی بێدەنگە، بەتایبەتی لە قۆناغەکانی سەرەتادا هیچ نیشانەیەکی نیە. کاتێکیش نەخۆشیەکە پێشدەکەوێت لەوانەیە ئەم نیشانانەی هەبێت:
+ ماندووبوون
+ کەمبوونەوەی کێش و نەمانی ئشتیهای خواردن
+ زوعف
+ هێڵنجدان
+ وڕبوون و دروستبوونی کێشە لە بڕیاردان و تەرکیز 
کردندا
+ بوونی ئازار لە ناوڕاست یان لای ڕاستی بەشی سەرەوەی سک
+ زیادبوونی قەبارەی جگەر

لەکاتێکدا کەسەکە تووشی سیرۆزی جگەربێت، لەوانەیە ئەم نیشانانەی تێدا دەربکەوێت:

+ گیرکردنی خواردنەوەکان
+ کەمبوونەوەی ماسولکەکان
+ خوێنبەربوونی ناوەکی
+ زەردی چاو
+ نوقسانی جگەر

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

هۆکارەکانی توشبوون بە چەوری جگەر:::

یەکێک لە بڵاوترین هۆکارەکانی نەخۆشی خواردنەوە کهولیەکانە. هەندێک لە دەرمانە تایبەتەکان و کێشە مێتابۆلیکی-یەکانیش هۆکارێکی تری نەخۆشیەکەن.
لە زۆربەی کاتدا ئەگەر کەسەکە ئەهلی خواردنەوە کهولیەکان نەبێت، دکتۆرەکان ناتوانن هۆکاری قەتعی نەخۆشیەکە بدۆزنەوە. بەڵام ئەمانەی لای خوارەوە لەوانەیە هۆکاری توشبون بە چەوری جگەربن، یاخود مەترسی توشبون بەو نەخۆشیە دروست بکەن::
+ قەڵەوی
+ شەکرەی جۆری ۲
+ فشاری بەرزی خوێن
+ بەکارهێنانی دەرمانی وەکو ئەسپرین، دەرمانە ستڕۆیدیەکان، تامۆکسیفێن و تیتراسایکلین
+ سکپڕی
+ ژەهراوی بوون
+ ڤایرۆسەکان (وەکو ڤایرۆسی هەپاتیت A و زۆربەی ڤایرۆسەکانی تر)
+ بەدخۆراکی
+ کۆلیسترۆڵی بەرزی خوێن
+ کێشە لە کارکردنی سایرۆد (hypothyroidism)
+ نەشتەرگەری قارسی گەدە (بەهۆی ئەم نەشتەرگەرییەوە خۆراک پێش ئەوەی لە گەدە دا شی ببێتەوە، گەدە بەجێدێڵێت)
+ هەندێک نەخۆشی هێلکەدان

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

چۆنیەتی دەستنیشان کردنی نەخۆشیەکە::::

+ پشکنینی خوێن، بۆ تێستی ئەنزیمەکانی جگەر
+ سیتی سکان، ئۆڵتراساوند، MRI
+ پشکنینی پێکهاتەی جگەر، کەتێیدا پارچەیەک لە جگەر وەک نمونە وەردەگیرێت.

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

چارەسەری چەوری جگەر:::

تا ئێستاش چارەسەرێکی تایبەت بە چەوری جگەر نەدۆزراوەتەوە، بەڵام دەکرێت چارەسەر بکێت لەڕێگەی دەستگرتن بەسەر هەندێک لە نەخۆشیەکانی دیکە دا، وەکو ئەم هەنگاوانە:
+ تەرکی خواردنەوە کهولیەکان
+ کۆنترۆڵکردنی کۆلیسترۆڵ
+ کەمکردنەوەی کێش
+ کۆنترۆڵکردنی شەکرە

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

چارەسەرکردن لەماڵەوە و لەڕێگەی گۆڕینی شێوازی ژیان:::

بە ڕەچاو کردنی ئەمانەی لای خوارەوە تۆ دەتوانیت چەوری جگەر کۆنترۆڵ و چارەسەر بکەیت:

دابەزاندنی کێش. لەکاتێک دا کێشت زیادە و قەڵەویت، لەڕێگەی چالاکی جەستەیی و بەکارهێنانی وزەوە کێشی خۆت دابەزێنە. هەروەها با ڕێجیمێکی خۆراکی باشیش یارمەتیدرت بێت. دەتوانیت بۆ ئەمەش سەردانی پسپۆڕێکی خۆراک بکەیت.

بەلایەنی کەمەوە ڕۆژی ۳۰ خولەک وەرزش بکە، چالاک بە. شەکرە و کۆلیسرۆڵی خوێنت کۆنترۆڵ بکە و گوێ بۆ ڕێنمایی پزیشکەکان بگرە.
جگەرت بپارێزە لەڕێگەی نەخواردنەوەی کهولیەکان و بەکارنەهێنانی خۆسەرانەی دەرمانەوە.

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

چەند ڕێگەیەکی تری چارەسەر:::

دەوترێت ڤیتامین E و ڤیتامین A و دژە ئۆکسانەکان یارمەتی سەلامەتی جگەر دەدەن. (ئاگاداربە لەبەرئەوەی ڤیتامین E دەتوانێت کوشندە بێت بۆ پیاوان و مەترسی شێرپەنجەی پرۆستاتی لێ دەکرێت، نابێت بەبێ ڕاوێژی پزیشک بەکاری بهێنیت).

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

خۆپاراستن لە توشبون بە چەوری جگەر::::

بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکانی توشبون بەم نەخۆشیە، ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکە:

+ ڕێجیمێکی خۆراکی باش - ڕێجیمێک پێکهاتبێت لە میوە و سەوزەوات و دانەوێڵە و چەوریە بەسوودەکان، دەتوانێت ئەگەری توشبوون بەم نەخۆشییە کەم بکاتەوە.

+ بەژن و باڵای ڕێک و کێشێکی سروشتی- ئەگەر قەڵەویت و کێشت زیادە، دەبەزاندنی کێش یارمەتیدەر دەبێت. ئەگەریش کێشت ڕێکە و زیادەی نیە، هەوڵ بدە پارێزگاری لەو ڕێکیە بکەیت.

+ وەرزش و جوڵە- وەرزش لە هەموو ڕۆژەکانی هەفتە دا بەسوودە. بەڵام ئەگەر ماوەیەکی زۆرە وەرزشتان نەکردووە، بە ڕاوێژی پزیشک دەستپێبکە.

+ وازهێنان لە خواردنەوە کهولیەکان- ئەگەر خواردنەوە کهولیەکان دەخۆیتەوە، ئەوە وازهێنان لەو ئاکارە بە ڕاددەیەکی باش لە توشبوون بە چەوری جگەر دەتپارێزێت.

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

لە پەیجى دکتۆری خۆت بە. وەرگیراوە 





ئه‌م بابه‌ته 379 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:10:23/01/2018