جەنگی ئێران و سعوودیە لەسەر خاكی وڵاتانی دیكە

سعوودیە و ئێران ڕابەرایەتی هەردوو بەشە مسوڵمانەكەی جیهان دەكەن, ئێران تاكە ڕابەری بلۆكی شیعە و سعوودیەش ڕابەری سەرەكیی بلۆكی سوننەیە ئەگەرچی سعوودیە تەنیا نییە، بەڵام پێشڕەوە.

سەلاح سالار 

كاتێك سەیری هەژموونی ئێران و خەمساری سعوودیە و وڵاتانی دیكەی سوننە دەكەیت ئەو گومانەت بۆ دروست دەبێت كە ڕەوتی شیعەگەریی ناوچەكە داگیردەكات. بەڵام كاتێك كاردانەوە قورس و بەكاوەخۆییەكەی سعوودیەش دەبینیت هەست دەكەیت ئەمە یاریی مار و پەیژەیە و سعوودیە دەیەوێت جەرگی ئێران ببڕێت.


ئەگەر بە وردییەوە سەیری نەخشەی ناوچەكە بكەین جووڵەی ئێران بە زەقی دەبینین، ئێران هەمیشە سرووشتی وایە هەژموون پیشان دەدات, هەر لە كۆنەوە لەسەردەمی ماد و ئیمپراتۆری فارسەوە تا ئێستا بەخۆدانازین و پیشاندانی شان و شەوكەت كاری سەرەكیی ئێرانییەكان بووە.


وڵاتانی سوننە بە سروشتێكی ترەوە بەنەرمی هەنگاوی گەورەیان ناوە, وەك كورد دەڵێت: نەرمەبڕەی جەرگەبڕە بوون. بەڵام ئێران هەنگاو بە هەنگاو برەوی بە ڕەوتی شیعەگەریی خۆی داوە و تا ناو دڵی سوننەكان و پیرۆزترین شوێنی مسوڵمانان كە مەككە و مەدینەیە ڕۆشتووە.


 

شێوازی ململانێی ئەو دوو نەیارە

ئێران بە خشكەیی خەریكە گەمارۆی سعوودیە دەدات، بەهۆی مەزهەبی شیعەرگەرییەوە دەستی گەیشتووەتە چواردەوری سعوودیە. عێراق، سووریا, باشووری لوبنان، بەحرێن، یەمەن، ئەمانە هەموو هەڕەشەن بۆ سەر ئاییندەی سعوودیە و هیلالی سوننی, تەنانەت شیعەگەری گەیشتووتە ناو خودی سعوودیە و كوەیت و میسریش.


ئەگەر لەسەر نەخشە سەیری سعوودیە بكەین ئێران بە وێنەی قرژاڵ ڕووەو سعوودیە وەستاوە و لە قۆڵی لوبنان و یەمەنەوە هەردوو چنگیشی بە دەوری سعوودیەدا كێشاوە. ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە ململانێی سعوودیەی پێ ناكرێت، بەڵام بە هێزی حەماسەتی شیعەگەریی و توانا تەكنەلۆژییەكانی خۆی و نزیكبوونەوە لە مەڵبەندی سەرەكیی سوننە، سعوودیە و هەموو سوننەی تووشی شۆك كردووە.


پەرتەوازەیی سوننەكان باشترین دەستكەوتە بۆ ئێران و شیعەكان، چونكە هەمووجار بەهۆی هەڵەی سوننەوە ئێران هەنگاوێك زیاتر دەچێتە پێشەوە.
لەبەرانبەردا سعوودیە بنەمای ئابووریی بە شەڕی یەكەم بۆ ئێران بەكار دەهێنێت, بۆ نموونە سعوودیە پشكی سەرەكیی هەیە لە ڕێژەی زۆری هەناردەی نەوت، ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوتی خاو، بازاڕی نەوتی هەر بەجارێ ڕیسوا كردووە، ئەم هۆكارەش گورزی كەمەرشكێنە بۆ ئێران، ئەوە چەندین ساڵە سعوودیە بووەتە هۆی دابەزینی بەهای نەوت و داتەپاندنی سەرخان و ژێرخانی ئابووریی ئێران.


ئێران لەلایەكەوە بەرەیەكی گەورە و درێژی شەڕی لەسەرشانە و دەبێت بەردەوامیی پێبدات، لەولاشەوە گەلەكەی لە خراپترین دۆخی ئابووریی ڕووبەڕوو كردووەتەوە.


ئەم ماوەیە ململانێكان تۆختر بوونەوە و هەردوولا خۆیان زیاتر گورج كردەوە, ئێران لوبنانی لە جووڵە خستووە, ئەو فشارە زۆرەی ئێران وای كرد كە سەرۆكوەزیرانی لوبنان سەعد حەریری، كە لەسەر پشكی عەرەبی سوننەی لوبنان ماڵە هاواری لێهەسێت و دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت.
حەریری لە سعوودیەوە وازهێنانی خۆی لەسەرۆكی حكومەتی لوبنان ڕاگەیاند و ڕاشكاوانەش گوتی: لەتاوی دەستێوەردانەكانی ئێران و حزبوڵا واز دەهێنێت. ئەمە ئاماژەیەكی ترسناكبوو بۆ سعوودیە.


ئەم دوو وڵاتە بوونەتە جەمسەری دوو ململانێی بەهێز لەناوچەكەدا، بەڵام هەریەكە و تایبەتمەندی خۆی پەیڕەو دەكات, ئێران دەزانێت توانای ئابوورییەكەی ناگاتە ئاستی سعوودیە و گەمارۆی نێودەوڵەتییش ماندووی كردووە، بۆیە زیاتر پشت بە توانا تەكنەلۆژییەكانی خۆی دەبەسستێت، بەڵام سعوودیە بەهۆی داخروایی بیرومێشكی كۆمەڵگەكەی لەداهێناندا زۆر لە دوای ئێرانەوەیە, بۆیە پشتی بەستووە بە كڕینی چەك و كەرەستەی سەربازی لە دەرەوە.
بەراوردی تواناكانی ئێران و سعوودیە


لە ڕووی توانای مرۆیی سەربازییەوە بەمشێوەیەن:

ئێران: 534 هەزار سەرباز.
سعوودیە: 231 هەزار سەرباز.
ئێران: سەربازی یەدەگ: 400 هەزار.
سعوودیە: سەربازی یەدەگ: 25 هەزار.
دەبێت ئەوەش بزانین ژمارەی دانیشتوانی ئێران ئێستا 80 ملیۆنی تێپەڕاندووە, بەڵام سعوودیە لە نێوانی 30 تا 35 ملیۆن كەسدایە.


توانای كەرەستەی سەربازییان بەمجۆریە:

ئێران: ئۆتۆمبێلی شەڕكەر (مدرعە): 1315.
سعوودیە: ئۆتۆمبێلی شەڕكەر (مدرعە): 5472.
ئێران: زرێپۆشی پێشكەوتوو: 1616.
سعوودیە: زرێپۆشی پێشكەوتوو: 1142.
ئێران: بنكەی موشەكی جۆراوجۆر: 1474
سعوودیە: بنكەی موشەكی جۆراوجۆر: 322. 
بەرواردی توانا ئاسمانییەكانیان: 
ئێران: فڕۆكەی گواستنەوە: 203.
سعوودیە: فڕۆكەی گواستنەوە: 221.
ئێران: فڕۆكەی شەڕكەری دووباڵ: 137.
سعوودیە: فڕۆكەی شەڕكەری دووباڵ: 245.
ئێران: فڕۆكەی مەشق: 79.
سعوودیە: فڕۆكەی مەشق: 243.
ئێران: فڕۆكەی جەنگیی: 137
سعوودیە: فڕۆكەی جەنگیی: 177.
ئێران: هێلی كۆپتەری ئاسایی: 126.
سعوودیە: هێلی كۆپتەری ئاسایی: 227.
ئێران: هێلی كۆپتەری جەنگی: 12.
سعوودیە: هێلی كۆپتەری جەنگی: 21. 
بەراوردی توانا ئاوییەكانیان:
ئێران: ژێردەریایی: 33.
سعوودیە: ژێردەریایی: سفر.
ئێران: كەشتی شكێنەری مین: 10.
سعوودیە: كەشتی شكێنەری مین: سفر.
ئێران: كەشتیی بچووكی جەنگی: 5.
سعوودیە: كەشتیی بچووكی جەنگی: 7.
ئێران: كەشتیی گەورەی جەنگی: 3.
سعوودیە: كەشتیی گەورەی جەنگی: 4.
بەرواردی تاوانا لۆجستییەكانیان:
ئێران: توانای بازرگانیی ئاوی: 76 كەشتی.
سعوودیە: توانای بازرگانیی ئاوی: 72 كەشتی.
ئێران: بەندەری سەرەكیی: 3.
سعوودیە: بەندەری سەرەكیی: 4.
ئێران: فڕگەی خزمەتگوزاری: 319.
سعوودیە فڕگەی خزمەتگوزاری: 214.
بەراوردی بودجەی خەمڵێنراوی سەربازیی:
ئێران: 12 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.
سعوودیە: 63 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.


ئەگەر بەراوردی تواناكانی ئەو دوو وڵاتە بكەین دەبینین، ئێران لە ڕووی توانای ئاسمانیی و داراییەوە لاوازترە. هەروەها سعوودیەش لە لایەنی توانای دەریایی و چەك و موشەكەوە لاوازترە.

،،

سعوودیە كاتێك بەخۆی زانی هیلالی شیعە لە ئێرانەوە گەیشتە بەشە سوننەكەی عێراق و لەوێشەوە بۆ سووریا,


بەهۆی شەڕەكانی داعشەوە ئێران دەستی وەردایە ناو خاكی عێرق و سووریا، لە عێراقدا ئەوەی قەڵای سەختی سوننەبوو، وەك: فەلوجە، ڕومادی، موسڵ و سەڵاحەدین، ئێران هەموویانی گرت و ئەوپەڕی پاكتاوی سوننەكانیشی تێدا ئەنجام دا.


لە سووریاش حەڵەبی كردە وێرانەیەك كە هەموو دنیای خەمبار و دڵتەتگ كرد. ئیتر سعوودیە كەوتە بەر لۆمەی هەموو سوننەكانی جیهان, كاتێك بەخۆی زانی ئەوە هیلالی شیعە لە ئێرانەوە گەیشتە بەشە سوننەكەی عێراق و لەوێشەوە بۆ سووریا, خەریكە ترانزێتی لە سنووری ئەفغانستانەوە بگاتە دەریای سپی ناوەڕاست, ئێران بتوانیت بە ڕووی جیهاندا كرانەوەیەكی تری دەست بكەوێت.


پاش ئەوەی ئیسڵاحییەكان بە تایبەتی بە جوهدی وەزیرە هۆشمەندەكەیان (محەمەد جەواد زەریف) توانیان ئێران لە گۆشەگیریی و گەمارۆی نێودەوڵەتیی دەربهێنن و بەهۆی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و ئەمریكا، كەمێك باری ئابووریی ئێران گەشانەوەی بەخۆیەوە بینی, ئەمەش سعوودیەی بێهیواكرد كە دەیویست بەڕێگەی جەنگی سارد و شەڕی ئابووریی هەرەس بە ئێران بهێنێت.


هەژموونی ئێران بە ئاشكرا لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن دەبینرێت, هەروەها وڵاتی بەحرێنیش كە نیوەزیاتریان شیعەن بۆمبێكی چێنراوی ئێرانە و ئەمڕۆ بێت یان سبەی دەتەقێتەوە، ئەوكات سعوودیە و وڵاتانی عەرەبی سوننەی كەنداو پەرێشان دەبن، هەنگاوێكی گەورەتر ئێران و شیعە لە سعوودیە و كەعبەی مسوڵمانانی جیهان نزیك دەبنەوە.


ئێستا سعوودیە بۆ ئەوەی بەربەست بۆ هیلالی شیعیی و هەژموونی ئێران لە كەنداو دابنێت، هەندێ ڕێوشوێنی تری گرتووەتەبەر. دەیەوێت هەژموونی ئێران لە هەریەكە لەو چوار وڵاتە كەم بكاتەوە و سنوورداری بكات.

،،

سعوودیە هەست دەكات فەرامۆشكردنی عێراق و ساردوسڕی پەیوەندییەكانیان عێراقی بەتەواوی خستوەتە ژێرباڵی ئێرانەوە، بۆیە سعوودیە دەیەوێت پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوە


سعوودیە و عێراق

دوای چەندین ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەكانیان، سعوودیە هەست دەكات فەرامۆشكردنی عێراق و ساردوسڕی پەیوەندییەكانیان عێراقی بەتەواوی خستوەتە ژێرباڵی ئێرانەوە، بۆیە چاودێران بەغدایان ناولێنا پایتەختی دووەمی ئێران. ئێستا سعوودیە دەیەوێت پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوە و سنووریش لەگەڵ عێراق بكاتەوە, بۆیە لە یادی چلەی ئیمام حسێن بڕیاریدا ڕێگە بە گەشتی ئاسمانیی شیعەكانی وڵاتەكەی بدات لەو یادەدا سەردانی كەربەلا بەن، پاشان كردنەوەی سنووری (عەرعەر)ی نێوانیان  و حەوت خاڵی سنووریی وشكانیی دەكاتەوە كە لە 2003ەوە داخراون.


هەروەها پێكهێنانی ئەنجومەنێكی بازرگانیی نێوانیان بە چاودێریی ئەمریكا ڕێگەیەكی دیكەیە بۆ ئەوەی كەمێك چاوی عێراق لەدوای ئێران دابخات.


سعوودیە و لوبنان

سعوودیە بەهۆی هاوكاریی دارایی و هەندێ ڕێوشوێنی جیاوازتر لەوەی عێراق، مەبەستیەتی لوبنان بخاتەوە ژێر هەژموونی خۆی و دەستی ئێران لە لوبنان ببڕێت. بۆ ئەم مەبەستە ڕیاز ئەم بڕیارانەی سەبارەت بە لوبنان دەركردووە:


ـ بەخشینی بڕی 3 ملیار دۆلار بۆ سوپای لوبنان.


ـ حزبوڵا و سەرۆكەكانی و لق و پۆپەكانی بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێت.


ـ پێكهێنانی هاوپەیمانییەك لەگەڵ حكومەتی لوبنان.


ـ حكومەتی لوبنان سەرپشك دەكات كە لەنێوان حزبوڵا و كۆمەكە ئابووریی وسیاسیی و دیبلۆماتییەكانی سعوودیە، خۆی یەكلایی بكاتەوە و یەكێكیان هەڵبژێرێت.

سعوودیە و یەمەن
جەنگی ناوخۆیی یەمەن سعوودیەی بە ڕاستەوخۆ ڕاكێشایە ناو شەڕی یەمەنییەكانەوە و بە سەرۆكایەتی ڕیاز هاوپەیمانیی عەرەبیی بۆ تێكشكاندنی هەژموونی ئێران لەو وڵاتە پێكهێنرا. چونكە مەترسییەكانی ئێران لە یەمەن سعوودیەی بەتەواوی شپرزە كرد, سعوودیە و یەمەن دوو دراوسێن كە ئێستا حووسییەكان دەتوانن بە موشەكە ئێرانییەكان پایتەختی سعوودیە بۆردومان بكەن.


سعوودیە ئەم هەنگاوانەی لە یەمەن گرتووەتە بەر:
ـ لە ئازاری 2013ەوە هاوپەیمانییەكی عەرەبیی بۆ بۆردوومانكردنی شیعەكانی یەمەن دەستپێكردووە و سنوورێكی بۆ داناون.


ـ هەموو ڕێگە ئاسمانیی و ئاویی و وشكانییەكانی بەسەر یەمەندا داخست، جگە لەو ڕێڕەوانەی كە ئێران تا ئێستاش دەتوانێت دەستی بگاتە یەمەن.


ـ لەم دواییەنەدا خەڵاتێكی گرانبەهای بۆ لەناوبردنی سەرانی حووسییەكان تەرخان كرد كە ناوی 40 كەسی تێدابوو، لە 5 ملیۆن دۆلارەوە تا 30 ملیۆن دۆلار لەخۆ دەگرێت و بە گشتیی 435 ملیۆن دۆلاری وەك خەڵات بۆ لەناوبردنی سەرانی حوسییەكان تەرخان كردووە.


سعوودیە و سووریا

ئەڵبەت سعوودیە ناتوانێت لەگەڵ حكومەتی سووریا هیچ پێكهاتنێك بكات، بۆیە دەیەوێت بە فشار بۆسەر حكومەتی دیمەش، نفوزی ئێران لەوێش بێئومێد بكات، بۆیە هەندێ ڕێگەی گرتەبەر، وەك:
ـ پێشكەشكردنی كۆمەكی سەربازیی و ماڵیی بۆ گرووپی جەیشی ئیسلام كە زەهران عەلووش و محەمەد عەلووش دامەزرێنەری سەرەكیی بوون.
ـ پەیوەندییكردن بە هۆزەكانی شاری (ڕەقە) لەپاش ئازادكردنی لەدەستی داعش.

،،

هەرێمی كوردستان لەژێر كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو دوو بلۆكەدا دەژی، لەلایەك هاوسنووری ئێرانی شیعەیە و لەلایەكی دیكەوە بە حوكمی مەزهەبگەرایی سونییەوە كاریگەری سعوودیە و وڵاتانی دیكەی سوننەنشینی لەسەرە، تەراتێنی ئێستای سوپای پاسداران لەناو عێراق و بەشێك لەخاكی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم مەترسیی گەورەیە بۆسەر ئاییندەی كوردستان.

 

كاریگەری ململانێكانی ئەو دوو نەیارە لە سەر كوردستانی باشوور

هەرێمی كوردستان لەژێر كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو دوو بلۆكەدا دەژی، لەلایەك هاوسنووری ئێرانی شیعەیە و لەلایەكی دیكەوە بە حوكمی مەزهەبگەرایی سونییەوە كاریگەری سعوودیە و وڵاتانی دیكەی سوننەنشینی لەسەرە، تەراتێنی ئێستای سوپای پاسداران لەناو عێراق و بەشێك لەخاكی كوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم مەترسیی گەورەیە بۆسەر ئاییندەی كوردستان.


شەڕی داعش و حەشدی شەعبی لەناو خاكی عێراق و كوردستان واتا جەنگی شیعە و سوننە لەسەر خاكێكی دەرەوەی خۆیان. بۆیە چڕبوونەوەی ململانێی شیعە و سوننە كورد باجە قورسەكەی دەدات، چونكە ئەوان ئاگرەكە لە دەرەوەی ماڵی خۆیان دەكەنەوە و كوردیش بەشێكی سەرەكیی سووتەمەنییەكەیەتی، وەك قسە باوەكە دەڵێت: كاتێك دوو فیل شەڕ بكەن ئەوەی دەپلیشێتەوە گیایە.


ململانێی شیعە و سوننە وەك دوو مەزهەب و ئێران و عێراق و توركیا و سعوودیە وەك چەند وڵاتێك هەمیشە كاریگەریی سلبیی لەسەر كورد هەبووە و دەبێت. لە ڕابردووی دووردا كورد بووەتە قوربانیی جەنگی دوو ئیمراتۆری شیعی و سوننی، لە ڕابردووی نزیشكیدا بە ئاگری شەڕی ئەو وڵاتانەوە سووتاوە، ئێستاش دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران لە هەرێمی كوردستان و شەڕی داعش و ململانێنی شیعە و سوننە، كوردی كردووەتە سووتەمەنی مەیدانەكانی شەڕ و قۆچی قوربانیی دانوستانەكان.


سوودم: لە پێگەكانی: جەزیرە، سكای نیوز، روسیا الیوم، فارس، مهر، بی بی سی فارسی و عەرەبی، عەرەبیە وەرگرتووە.



ئه‌م بابه‌ته 1119 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:26:24/12/2017