زۆرترین زانیاری لەسەر خۆمان و ئەوان

حمید محمد زەڵمی

جیاوازی نێوان ئێمە و وڵاتانی تر 

ئەمرۆ لەگەڵ خوێندکارێکی سعودی چەلەحانەمان بوو ، ئامارێکی پیشان دام کۆڵی خەفەتم خوارد، ئەیوت سعودیە ساڵانە 25٪ ی بودجەی بۆ خوێندن و پەروەردەیە "لای خۆمان 4.9٪یە" ، تەنیا ساڵی 2014 ، 111 هەزار خوێندکاری سعودی بە "زەمالەی ملک فهد" نێردراونەتە ئەمریکا بۆ خوێندن ! (بۆ ئەوروپا و ئوسترالیا بزەبت نازانم)

بیرم لەوە ئەکردەوە ئێمە شەو رۆژ گاڵتە بە عەرەب و عەگاڵ ئەکەین بێ ئەوەی بزانین خۆمان لە کوێن !
عەرەب خاوەنی دوبەی ن کە گەورەترین فرۆکەخانە و گەورەترین مۆڵ و گەورەترین دورگە و گەورەترین یاری سەرسەهۆڵی جیهانی تیایە، ئەو شارەی کە 1991 یەک تاوەری تیابوو ئەمرۆ زیاتر لە 400 تاوەری تیایە لە ناویانا بەرزترینی جیهان !
ئەوە قەتەرە بە قەدەر سلێمانی ئەبێ ، میوانداری مۆندیالی2022 دەکات، یاری کۆتایی لە شاری "لویسل" داناوە کە تا ئەم لەحزەیەش شارەکە دروست نەکراوە !
زانکۆی مەلیک فهدی سعودیە یەکێکە لە 300 باشترین زانکۆکانی جیهان ، ئەوە عەمانە سیستەمی تەندروستی لە پێشەوەی ئەمریکایە !
ئێمەش دڵمان بەوە خۆشە لەسەر گۆیژە بە گەورەیی نوسیومانە "سلێمانی" !

خەتای کی ێە ئێمە پێش ناکەوین ؟! رۆژئاوا و بەریتانیا و فەرەنسا و عەرەب و ئیسلام یان خۆمان ؟!
ئەمریکا 51 ویلایەتە ، تەنها ئەم ویلایەتیەی منی تیام"کالیفۆرنیا" هێندەی هەمو عێراق دانیشتوانی هەیە پارێزگارێک بەرێوەی ئەبات ! تەنها شاری "لۆس ئەنجلۆس" بە قەدەر کوردستانی خۆمان ئەبێت !
51 ویلایەت ،زۆر یاسایان هەیە جیاوازە و هەرچی رەگەزەی جیاوازی مرۆڤە لێرە هەیە،خراپتر لە ئێمەش شەری ناوخۆیان کردوە و سەرو 800 هەزار کەسیان لە یەکتر کوشتوە لە سەر دەستور رێکەوتوون کەچی ئێمەش بە سێ شاری بچوک لە سەر دەستورێک رێک ناکەوێن !

دەستوری چی، جا بۆ لە ناو خودی حیزبەکەی خۆشیانا رێک ئەکەون تا لەگەڵ یەکتر رێک کەون؟!
گەورەترین دو درۆیەک کە رۆژانە ئەکرێن ئەوەیە بە پارتی ئەڵێن دیموکرات و بە یەکیەتیش ئەڵێن یەکیەتی ! لەراستی دا پارتی هەمو شتێکە دیموکرات نەبێ ،یەکیەتێش هەموشتێکە یەکیەتی نەبێ !
ئەوە ئاخرەکەی یەکیەتیش ژان گرتی بە مناڵی دوەمەوە ، ئەمرۆ و سبەی ئەویش هەر لە دایک ئەبێت ، بە دو حاکم تێر ناخۆن ئەیکەن بە سێ بۆ سلێمانی ، ئاسایش و گومرک"هێز و پارە" بۆ شاژن ، نەخۆشخانە و ریستۆرانت و ئەوقاف "سەرئێشە" بۆ مامە نەوە ، ئەوانەش کە "بەس ناون " وەکو ژینگە و پۆستە ومافی مرۆڤ و ئەم شتە قۆرانە بۆ کۆسرەت و بەرهەم !

خەڵک لە کوێیە و ئێمەش لە کوێ ،حەقە تۆزی سەیری وەزعی خۆمان بکەین پێش ئەوەی گاڵتە بە عەگاڵ بکەین !
هەموی پێنج شەش ساڵە نەوتمان هەیە هەموی دەسی داوەتە یەخەی یەکتر ،ئەڵیی مەزادخانەکەیە هەر خوێریەک ئەبینی کۆمەڵی چەکداری کۆیلەی حیزی لە دەوری خۆی کۆکردوەتەوە و بە کەیفی خۆی نەوت ئەفرۆشێت، نازانم گەرمیان عایدی کاک فڵانە و کەرکوک فڵان وهەڵەبجە فڵان، ئەوە نەوتەکەی پارتیشە جگە لە بنەماڵەی بەرزانی کەس نازانێ چیت لێ دێت ! 
بە ملیارها دائەنێن بۆ حسابی تایبەتی خۆیان ودارایی حیزبەکان ، چکە چکێکیش بۆ پەروەردە و تەندروستی ،وڵات جۆن وا پێش ئەکەویت ؟!!
ئەوە ئێمەین ، ئێمە سێ شارین حاڵمان وایە ،جا بیهێنە پێش چاوت ئەگەر سێ پارچەکەی ترمان لەگەڵ بوایە، ئستا کلکی کەر ئەقرتا ! هێرۆ و کۆسرەت نەتوانن رێک کەون ، پارتی و پەکەکە ئەتوانن ؟!!
لەو قەناعەتەیام ئەگەر سایکس بیکۆ نەبوایە سەد ساڵی رابردو چوار پێنج ملیۆنمان لە یەکتر کوشتبو...



ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:32:21/10/2016